9
کوشتنی بتپەرستان
1 ئینجا گوێم لێ بوو بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و فەرمووی: «پاسەوانانی شار بهێنن، هەرکەسە و چەکە لەناوبەرەکەی بە دەستییەوە بێت.» 2 شەش پیاو لەلای دەروازەی سەرەوە هاتن کە ڕووەو باکوورە، هەریەکەشیان چەکە کوشندەکەی بە دەستییەوە بوو، پیاوێکیش کە کەتانی پۆشی بوو لەناوەڕاستیان بوو، مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو. هاتنە ژوورەوە و لەتەنیشت قوربانگا بڕۆنزییەکە ڕاوەستان.
3 شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەو شوێنەی کە لێی بوو، لەسەر کەڕوبەکانەوە* کەڕوب: بە واتای فریشتە هاتووە. بڕوانە پەیدابوون 3:24 و دەرچوون 25:18. هەستا، بەرەو بەردەرگای پەرستگاکە ڕۆیشت، جا بانگی ئەو پیاوەی کرد کە کەتانی پۆشیبوو و مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو، 4 یەزدان پێی فەرموو: «بەناو شاری ئۆرشەلیمدا تێپەڕە، نیشانە لە ناوچەوانی ئەو پیاوانە بدە کە دەناڵێنن و هەنسک هەڵدەکێشن لەبەر هەموو ئەو کارە قێزەونانەی کە لەناوەڕاستی شارەکەدا دەکرێن.»
5 ئینجا گوێم لێ بوو بەوانەی فەرموو: «بەدوایدا بڕۆن و بەناو شارەکەدا تێبپەڕن و بکوژن. نە چاوەکانتان بەزەییان بێتەوە و نە دڵتان بسووتێ. 6 پیر و گەنج و کچ و منداڵ و ئافرەتەکان لەناوببەن و بیانکوژن، بەڵام ئەو کەسەی نیشانەکەی پێوەیە لێی نزیک مەبنەوە. لە پیرۆزگاکەمەوە دەستپێبکەن.» ئەوانیش لەو پیرانەوە دەستیان پێکرد کە لەبەردەم ماڵەکە بوون.
7 پێی فەرموون: «ماڵەکە گڵاو بکەن و حەوشەکان پڕ بکەن لە کوژراو! بڕۆنە دەرەوە!» جا چوونە دەرەوە و لەناو شاردا کوشتاریان کرد. 8 لەو کاتەدا کە ئەوان کوشتاریان دەکرد من مابوومەوە، منیش خۆمم بە زەویدا دا و هاوارم کرد و گوتم: «ئای! ئەی یەزدانی باڵادەست! ئایا تۆ هەموو پاشماوەی ئیسرائیل لەناودەبەیت بەوەی تووڕەیی خۆت بەسەر ئۆرشەلیمدا دەڕێژیت؟»
9 پێی فەرمووم: «تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل و یەهودا زۆر زۆر گەورەیە و خاکەکە پڕ بووە لە خوێن، شار پڕ بووە لە گەندەڵی، چونکە دەڵێن: ”یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە و یەزدان نابینێت.“ 10 لەبەر ئەوە منیش چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم. کردەوەکانی خۆیان بەسەر خۆیاندا دەهێنمەوە.»
11 ئینجا ئەو پیاوەی کەتانی لەبەربوو کە مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو، هەواڵی هێنایەوە و گوتی: «وەک ئەوەی فەرمانت پێکردم، جێبەجێم کرد!»