17
1 ئینجا تیروپشک بۆ هۆزی مەنەشە بوو، چونکە ئەو نۆبەرەی یوسف بوو، بۆ ماکیری نۆبەرەی مەنەشە و باپیرە گەورەی گلعاد، چونکە ماکیرییەکان پیاوی جەنگ بوون، گلعاد و باشان بۆ ئەو بوون. 2 تیروپشک بۆ نەوەکانی دیکەی مەنەشەش بەگوێرەی خێڵەکانیان بوو، بۆ نەوەی ئەبیعەزەر، حێلەق، ئەسریێل، شەخەم، حێفەر و شەمیداع بەگوێرەی خێڵەکانیان بوو. ئەمانە نەوە نێرینەکانی کوڕانی مەنەشەی کوڕی یوسفن.
3 بەڵام سەلۆفحادی کوڕی حێفەری کوڕی گلعادی کوڕی ماکیری کوڕی مەنەشە هیچ کوڕی نەبوو، بەڵکو کچی هەبوو، ئەمەش ناوی کچەکانییەتی، مەحلە، نۆعا، حۆگلە، میلکە و تیرزە. 4 جا چوونە پێش بۆ لای ئەلعازاری کاهین و یەشوعی کوڕی نون و سەرۆکەکان و گوتیان: «یەزدان فەرمانی بە موسا کرد کە لەناو براکانمان میراتمان بدرێتێ.» ئیتر یەشوع بەپێی فەرمانی یەزدان لەنێو براکانی باوکیان میراتی پێدان. 5 مەنەشە دە بەشی بەرکەوت، بێجگە لە زەوی گلعاد و باشان کە لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە بوو بەلای ڕۆژهەڵاتەوە، 6 چونکە کچانی هۆزی مەنەشە لەگەڵ کوڕەکانی میراتیان وەرگرت. زەوی گلعادیش بۆ ئەوانی دیکە بوو لە نەوەی مەنەشە.
7 سنووری مەنەشەش لە ئاشێرەوە بۆ میخمەتات بوو کە ڕۆژهەڵاتی شەخەمە. سنوورەکە بەلای باشووردا درێژ بووەوە بۆ لای دانیشتووانی کانی تەپووەح. 8 شاری تەپووەح لەسەر سنووری مەنەشە تایبەت بوو بە نەوەی ئەفرایم، بەڵام ناوچەکانی دەوروبەری شاری تەپووەح تایبەت بوون بە مەنەشە. 9 ئینجا سنوورەکە بەرەو باشوور دابەزی بۆ شیوی قانا. ئەمانە شارۆچکەکانی ئەفرایم بوون لەنێو شارۆچکەکانی مەنەشە، سنووری مەنەشەش لە باکووری شیوەکە بوو، کۆتاییەکەشی لەلای دەریای سپی ناوەڕاست* لەلای دەریای سپی ناوەڕاست: عیبری: لەلای دەریاوە. بوو. 10 لەلای باشوورەوە خاکەکە بۆ ئەفرایم بوو، لەلای باکووریشەوە بۆ مەنەشە بوو. دەریاش سنووری بوو، لەلای باکوورەوە گەیشتە ئاشێر و لەلای ڕۆژهەڵاتیشەوە گەیشتە یەساخار.
11 جا لەناو یەساخار و ئاشێر ئەم شارۆچکانە و دەوروبەریان بۆ مەنەشە بوون: بێتشان، یەڤلەعام، دانیشتووانی دۆر، سێ بەرزاییەکانی کانی دۆر، تەعنەک و مەگیدۆ.
12 بەڵام نەوەی مەنەشە نەیانتوانی دەست بەسەر ئەو شارۆچکانەدا بگرن، چونکە کەنعانییەکان سوور بوون لەسەر نیشتەجێبوون لەو خاکەدا. 13 کاتێک نەوەی ئیسرائیل بەهێزتر بوون بێگارییان بە کەنعانییەکان کرد، بەڵام بە تەواوی دەریاننەکردن.
14 ئینجا نەوەی یوسف لەگەڵ یەشوعدا دوان و گوتیان: «بۆچی یەک تیروپشک و یەک بەشت وەک میرات پێداوین، لەگەڵ ئەوەی ئێمە گەلێکی زۆرین، چونکە هەتا ئێستاش یەزدان هەر بەرەکەتداری کردووین؟»
15 یەشوعیش وەڵامی دانەوە: «ئەگەر ئێوە گەلێکی زۆرن، سەربکەون بۆ دارستان لەوێ بۆ خۆتان زەوی پریزی و ڕفائییەکان پاک بکەنەوە، ئەگەر ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم تەنگە بۆتان.»
16 نەوەی یوسفیش گوتیان: «ناوچە شاخاوییەکە بەشمان ناکات و هەموو کەنعانییەکانی دانیشتووی دۆڵەکەش گالیسکەی ئاسنینیان هەیە، ئەوانەی لە بێتشان و دەوروبەری و ئەوانەی لە دۆڵی یەزرەعیلن.»
17 ئینجا یەشوع بە بنەماڵەی یوسف، بە نەوەی ئەفرایم و مەنەشەی گوت: «ئێوە گەلێکی زۆرن و توانایەکی مەزنتان هەیە، لەبەر ئەوە تەنها یەک تیروپشکتان نابێت، 18 بەڵکو ناوچە شاخاوییەکەش بۆ ئێوە دەبێت، چونکە دارستانیشی هەیە، جا بیبڕنەوە و هەتا کۆتایی سنوورەکەی دەستی بەسەردا بگرن، ئینجا کەنعانییەکان دەردەکەن، هەرچەندە گالیسکەی ئاسنینیان هەبێت و بەهێزیش بن.»